پێرەکە لە بەر کتێبفرۆشیی قانعدا وەستابووم و سەیری کتێبم دەکرد. پیاوێکی بەساڵا چوو ھات و لێمی پرسی:«کاکە گیان، ئەو پیاوە کێیە؟» دەستی بۆ وێنەکەی مامۆستا قانع دەکێشا کە لەسەر بەرگی دیوانەکەی بوو. منیش وتم ئەوە مامۆستا قانعە و مەریوانیە. ئەویش وتی: «وەڵا نەمئەزانی کێیە، بەڵام ھەموو جارێک کە لێرەوە دەچووم سەیرم دەکرد و موحیبەتم بۆی بوو!»
دیسانەوه جێژنی کۆنی نەورۆز، ساڵی تازەی هێناوه. تازەکانی کۆن کردەوه و تازەیی هێناوه بۆمان.
به شیری تیشکی خۆر په‌ی بوو په‌لی سه‌رما له بن ده‌ستا
به تیری چاوی نه‌رگس بوو، دڵی زستان که ڕاوه‌ستا
قه‌ناری و قومری و شه‌وبۆ له‌گه‌ڵ هێرۆ هه‌موو مه‌ستن
زه‌وی و کانی و شه‌و و ڕۆژیش له سایه‌ی نه‌رگسی مه‌ستا
له خه‌و هه‌ستاوه داری بی و که‌وای شینی له به‌ر کرد و
وه‌نه‌وشه سه‌ربه‌ژێره و به‌س وه‌کوو بی ئه‌و له خه‌و هه‌ستا
شه‌ماڵی خاکه‌لێوه هات و نامه‌ی دڵبه‌ری هانی
په‌یامی ژینی پێیه ناو چیای به‌رز و زه‌وی په‌ستا
قه‌ڵه‌م کۆڵه له وه‌سفی کۆڵه‌باری جوانی دنیا دا
که شێعرم ناگرێ به‌رگه له تینی ئاگری هه‌ستا
ئەڵێن جارێک مەحموود بەگی کانی‌سانان شێعرێکی زەماوی دەنێرێت بۆ ناری(مەلا کاکه حەمەی بێلوو). ئەویش به ئەم بەیته وڵامی دەداتەوه:
ئەتۆ زەمم ئەکەی مەدحت ئەکەم من .... جەزای قەولی درۆ با هەر درۆ بێ
جا چاوی گەشبینی ناری چاکی بەو خاڵه زانیوه که ڕۆژێ هەزاران درۆ دەکرێت و جاری وا هەیه ناچار تۆش ئەشێ جەزای قسەی به درۆی دیکه بدەیتەوه.
هیوادارم هەموومان درۆ دووری دوور بین!
له مناڵیما، هه‌رکات ته‌نیا بوومایه ده‌سم ئه‌کرد به کێشانی وێنه‌ی جۆراوجۆر به سه‌ر دیواری دیوه چکۆله‌که‌ی ماڵه‌که‌مانه‌وه. له سۆنه و ئاسک و ڕێوی و شێره‌وه بیگره هه‌تا ماڵ و مزگه‌وت. بۆبێتاقه‌تی زۆر باش بوو. زۆر زۆر مناڵ بووم به‌و جۆره‌ی که تازه فێر بووبووم قه‌ڵه‌م بگرم به ده‌سمه‌وه. هێشتا نووسین و خوێندنه‌وه‌م نه‌ئه‌زانی. دیواره‌کانم ته‌واو شپرزه کردبوو که ئیتر گیرام و نه‌یان هێشت شت بکێشم به دیواره‌وه. جاری وا بوو به په‌نجه به هه‌واوه شتم ئه‌کێشا. دوایی که فێری نووسین و خوێندنه‌وه بووم و فه‌رقی ده‌فته‌ر و دیواریشم زانی ده‌سم کرد به شت نووسین له ناو ده‌فته‌ره‌کانما، بۆ بێتاقه‌تی. جا ئه‌وکاته به‌و شت نووسینانه و شت کێشاندنه بێتاقه‌تیم ده‌رئه‌چوو و دواییش پێیان ئه‌وتم : "به‌خ به‌خ له‌م شته جوانانه کێشاوته!!"
ئێستاش به‌ین به‌ین بێتاقه‌ت ئه‌بم و جارجار شت ئه‌نووسم. به‌ڵام خوا جه‌زای به خێری ئه‌وه باته‌وه ئه‌م کامپیووتر و شتیه درووس کرد ئه‌گه‌رنا ئیتر دیواری ماڵ و جێخه‌و و زانکۆکه‌م هه‌موو ئه‌بوونه عه‌کسی ئاسک و سۆنه و ڕێوی و ماڵ و مزگه‌وت. ئێسته‌ش من هه‌ر بۆ خۆم فشه ئه‌نووسم و دۆس و ڕه‌فێق و ئاشنا و ڕۆشنا سه‌یری ئه‌که‌ن و (له به‌ر ده‌سه‌وام یا که‌مڕوویی) ئه‌ڵێن:"به‌خ به‌خ !که جوانه!!." منیش به ڕاسی ئه‌گرم و هه‌ر بۆ خۆم دیوار خه‌تخه‌ت ئه‌که‌م.
به خوا خۆشه...
لــه‌م وڵاتــه‌ی کــه دراوی بـوه‌تــه ســوێــنی درۆ
لــه‌م وڵاته‌ی کــه بـه نامــۆیی ده‌ژین چــاو و بــرۆ
ده‌رئـه‌چم ڕۆژێ له‌گه‌ڵ دڵ، که بنووم لای تاسه‌ت
تا هه‌تایه، مــن و دڵ، خــه‌ونی گــوڵ و بۆنی چرۆ
"خاڵۆ جه‌لال" گڕه‌گڕ قسه‌ی ئه‌کرد وبه دووکه‌ڵی جگه‌ره ماڵه‌که‌مانی قانگ ئه‌دا. ڕووی له "مه‌لا ڕه‌شی" بوو.
ئه‌ویش به به‌ڵێ به‌ڵێ وتن، گوێی بۆ شل کردبوو.
- " تۆ مناڵی. له‌وه ناچێ کردبێتوو. وه‌ختێ له ژێر باخه گه‌ڵایا هه‌موو گیانت ئاره‌قاویه و مانوویت، که چاوت ئه‌که‌وێت به سێبه‌ری دڕکه گۆیژێک، خۆی بۆ ئه‌کوتیت و ئه‌چی له ژێر سێبه‌ره‌که‌یا ئه‌حه‌سێیتۆ.ئه‌و وه‌خته که باخه‌گه‌ڵاکه دائه‌نێی ئیتر به ڕایه‌ک هه‌موو مانوویه‌تی له گیانت ده‌رئه‌چێت و له ناخی دڵۆ، ئه‌ڵێی: "ئۆخه‌ی"."
ئه‌م قسانه‌م که شه‌ش ساڵ به‌ر له ئێسته بیستبوو، چه ن مانگ له‌مه‌و پێش ویستم بیخه‌مه ناو وێبلاگه‌که‌م، ئه‌و کاته‌ی که له ژێر باخه‌گه‌ڵای ئیمتحانه‌کان و پرۆژه‌کانم تۆزێک ده‌رچووبووم. که له ناکاو باخه‌گه‌ڵایه‌کی قورسی تر درا به سه‌ر شانما!
ژیان پڕه له باخه‌گه‌ڵا بۆ ئازار و دڕکه گۆیژ بۆ حه‌سانه‌وه.
جاری وا هه‌یه، قسه بۆ وتن زۆره و ده‌رفه‌ت که‌م
جاری وا هه‌یه، قسه‌ت پێ نیه و به‌س ده‌رفه‌ت ڕژاوه
جاری وا هه‌یه، هیچ قسه‌ت پێ نیه و هیچ ده‌رفه‌تێکیش نیه بۆ ده‌بڕینی ئه‌و هیچه
له هه‌موو ئه‌م کاتانه‌دا، لاپه‌ڕه‌که‌ت سپیه و تۆ ڕووڕه‌ش و قه‌ڵه‌مه‌که‌ت هه‌ر به خه‌سی ئه‌یخوات و...
بیسه‌ر و خوێنه‌ریش چاوه‌ڕوان و...
دیسانه‌وه تۆ ڕووڕه‌ش...
ئێسته تۆ له من مه‌پرسه تووشی کامیان بووم، چونکه خۆشم چاک نازانم!!
که‌ڵه‌شاعێرێکی له بیرکراو، ده‌فته‌رێکی دڕا‌و و یه‌ک لاپه‌ڕه مێژوو له ژێر دنیایه‌ک ته‌پوتۆز دا
من ڕه‌فێقێکی خۆشه‌ویستم هه‌یه که جارجار له باره‌ی ئه‌ده‌ب و مێژووی کوردیه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ک ئه‌دوێین و ئه‌ویش زۆر له‌م بابه‌تانه‌دا شاره‌زایه.
جاری وا هه‌یه من له‌باره‌ی شاعێرێک یان بابه‌تێکی مێژووییه‌وه شتێک ئه‌ڵێم زۆر سه‌ری سووڕ ئه‌مێنێت و ئه‌ڵێت له کوردستانی ئێران و عێراق‌دا کوورسی کوردی ناسی هه‌یه و من له هیچ کامیانا ئه‌م قسانه‌ی تۆ نابینم و نابیسم، ئه‌مانه له کوێ ئه‌دۆزیته‌وه؟
منیش ئه‌ڵێم ئه‌وه نه‌بێت ئه‌م شتانه زانایه‌تی من بگه‌یه‌نێت به‌ڵکوو بێکه‌سی مێژوو و ئه‌ده‌بی ئه‌م گه‌له مان ئه‌خاته به‌رچاو.
مێژوو له بیر ده‌چێته‌وه، شێعره‌کان له بیر ده‌چنه‌وه و ده‌فته‌ر و دیوانه‌کان ده‌دڕێن و تیا ده‌چن.
بۆ نموونه ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش بۆ دیوانی مسته‌فا به‌گی ساحێبقران (کوردی) ده‌گه‌ڕام و ده‌سم نه‌ده‌که‌وت و ته‌نانه‌ت وه‌ختێک له یه‌ک دوانێک له کتێب فرۆشه‌کانم پرسی "دیوانی کوردیتان هه‌یه"؟ وتیان "به‌ڵێ ئه‌وه هه‌موو دیوانی کوردی، له نالی و مه‌حوی تا قانع و بێکه‌س و په‌شێو و شێرکۆ"!
یا ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش یه‌کێک له مامۆستایانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کتێبێکی له باره‌ی بابه‌تێکی مێژووییه‌وه(دوانزه سواره‌ی مه‌ریوان) نووسیبوو که وه‌ختێک سه‌ندم به خۆمم گوت :"ئه‌شێ ئه‌م بابه‌تیه به ته‌واوی ڕۆشن کردبێته‌وه و له بنه ڕه‌ت ده‌ری هێنابێت"، که چی وه‌ختێک سه‌یری ناو کتێبه‌که‌م کرد دیم هه‌ر قسه‌کانی زووی تێدایه و له جیاتی به‌ڵگه‌ی تاریخی ئاماژه‌ی کردوه به چه‌ن به‌یت شێعر و گله‌یی زۆری کردوه له‌وه که پێشینیانی ئێمه بۆچی له‌م بابه‌ته نه‌دواون و هیچیان له سه‌ر نه‌نووسیوه و له‌وه که ئه‌م لاپه‌ڕه له مێژوومان زۆر تاریکه و هیچی له‌گه‌ڵ ناوترێ، که له ڕاسیش دا هه‌ر وایه.
وه سه‌دان نموونه‌ی تریش...
وه هه‌ر ئاوا له بێده‌نگی دا ناوی شاعێره‌کانمان و پاڵه‌وانه‌کانمان و فه‌یله‌سۆفه‌کانمان وه (له دوایی دا خۆمان) له لاپه‌ڕه‌ی مێژوو ده‌کوژێته‌وه.
به‌شێکی زۆر له مێژوو و ئه‌دبی ئێمه له ناو ڕاز و مه‌ته‌ڵ و قسه‌ی نه‌سه‌ق و گۆرانیه‌کانماندا شاراوه‌یه، که له باوک و باپیر و دایکانمانه‌وه به ئێمه گه‌یشتوون وه هه‌رکام له‌م خۆشه‌ویستانه‌ی ئێمه که چرای ژینیان ده‌کوژێته‌وه بێجگه له‌و باوه‌شه هه‌ست و خۆشه‌ویستیه که له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبات، کۆڵێکی پڕ له مێژوو و ئه‌ده‌بی کۆنی ئێمه‌یش له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌با بۆ دنیای ژێر خاک!
به بۆنه‌ی چل و شه‌شه‌مین ساڵه هاتی کۆچی دوایی مامۆستا قانع، شاعێری چه‌وساوه‌کانی کورد...
چل و شه‌ش ساڵ تێپه‌ڕ بوو!
تۆ وا ئه‌زانی چل و شه‌ش ساڵه من مردووم!
چل و شه‌ش ساڵه من به چاوی پڕ له ئاو و پێڵاوی و مێزه‌ره‌ی دڕا‌و، به گیرفانی خاڵی له دراو گۆرانی بۆ خه‌ڵکه‌که‌م ئه‌ڵێم و تۆ وائه‌زانی من مردووم؟!
داخه‌که‌م! چل و شه‌ش ساڵ تێپه‌ڕ بوو و ئه‌سپی خه‌یاڵم هه‌ر سه‌ر گه‌رم نه‌بوه و موشته‌ری ئه‌شعاره‌کانم هێشتا بێشه‌رم نه‌بوون!
چل و شه‌ش ساڵه مامه سۆفیه‌کانمان (یا خوا بێ قه‌زا بن!)هێشتا "حیکمه‌تی پڕ مه‌سئه‌له‌ی" جیاوازی "قل و فل"یان بۆ حه‌ل نه‌بوه.
هیچ بوه له‌م چل و شه‌ش ساڵه‌دا بێیته ناو باخی شێعرمو "ده‌ورێ بده‌ی به پورسش و ته‌فتیش و خوار و ژوور"؟؟
باخی شێعری من وه‌کوو باخی شێعری مه‌حوی نیه "داری به‌رداری" تیا بێت که "مێوه‌ی به‌هه‌شتی" پێوه بێت، به‌ڵام شۆڕه‌بیه بێبه‌ره‌کانی باخی شێعرم ته‌نانه‌ت له به‌هه‌شتی خواگیانیش دا وێنه‌یان نیه.
من نامه‌وێ وه‌کوو نالی کورد و فارس و عه‌ره‌ب هه‌رسێ به ده‌فته‌ر بگرم، من ئه‌مه‌وێ به خۆم و سه‌ره پڕ له سه‌وداکه‌م و دڵه ئاواره‌که‌م و لێفه شڕه‌که‌مه‌وه گۆرانی بۆ نیشتمان بڵێم و دڵی هه‌ژارانی ئێره ئاوپژێن بکه‌م.
له‌م چل و شه‌ش ساڵه‌دا گوڵ سه‌ری هه‌ر له ژێر خاکا بوه و ڕۆژ، ڕۆژی دڕک و داڵ بوه له گه‌رمی بازاڕی گیادا.
له‌م چل و شه‌ش ساڵه‌دا که تێپه‌ڕ بوو شێعری من هێشتا خاڵیه له دانه‌ی خاڵ و داوی زوڵفی ئه‌م و ئه‌و، خاڵیه له شمشێری ئه‌برۆ و تێغی موژه و چینی زوڵف و په‌رچه‌می تاتا. به‌ڵام وا نه‌زانی شێعرم هیچی تیا نیه، شێعری من پڕه له دووکه‌ڵ، دووکه‌ڵی قرچه‌ی ده‌روونی بێ جل و به‌رگ و ژیانه‌کان که بوو به هه‌ور و ئاسمانی شێعره‌کانمی گرتوه و خه‌فه‌ت ئه‌بارێنێت به سه‌ر دڕکه‌کانی سه‌حرای سینه‌م دا، جا نه‌زان هه‌ر با نه‌زان بێت و نه‌زانێت:
ئه‌گه‌ر قانع له لافی عه‌شق دا که‌له‌ی به جۆشش بێ....هه‌زار مه‌جنوون و سه‌نعانیش به شه‌وقی شێعری شه‌یدا بێ
خۆ ئه‌گه‌ر منیش مردبێتم هه‌ر "ده‌روێش ئه‌وڕه‌حمان" و "شێخی ناوژنان" و ده‌روێش ئه‌وڕه‌حمانه‌کان و شێخه ناوژنانه‌کان هه‌ر زیندوون!
من هه‌رگیز ناتوانم ته‌رکی میلله‌ت بکه‌م له‌م عه‌سره‌دا، چونکه پابه‌ندم به شه‌هدی مه‌نتقی کوردانه‌وه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ هه‌ر سووری له سه‌ر ئه‌وه‌ی که من مردووم یا ئه‌بێ بمرم!
من که عه‌شقی سه‌رداری له سرمایه به پێی خۆم ئه‌چمه سه‌ر دار و خوێنم ئه‌که‌م به خه‌نه بۆ ده‌ست و پێی بووکی ئازادی.
من خۆ هه‌ر زوو هاواری "ئه‌گه‌ر مردم وه‌ته‌ن لاوانی تۆ خۆش"م سه‌ردابوو له سه‌ر دارا.
ئه‌ی به‌راده‌ران ئازاد که‌ن گه‌ردن ....وا پێم ناوه‌ته ده‌روازه‌ی مردن
ئێسته خۆ چل و شه‌ش ساڵ تێپه‌ڕ بوه، به‌ڵام لێت ڕوون بێت ئه‌گه‌ر هه‌زار ساڵی تریش تێپه‌ڕ بێت، قانعی هه‌ر فکری به جارێک سه‌رف ئه‌کا بۆ هۆزه‌که‌ی و وه‌کوو یارۆ خه‌یاڵی سه‌رفی چا و قلیان ناکا.
به‌ڵام ئه‌ی خه‌ڵکینه، ئه‌ی خزمینه!
تۆخوا مه‌هێڵن بمرم!
بر ســـر مــصحف رو زلـــف چــلیـپا داری
تو پریچــهره مـــگر دین مسـیـحــــــا داری؟
زده ای طره ی شبرنگ بران صفحه ی رخ
روز و شب مجلس کــــــافر به کلـیسا داری
قصد قتلم نه به تنــها کـــند آن دیده ی مست
خون صـد طـــایفه در گــردن میـــنـا داری
زلف یلـــــدا به رخ ســــال تـوان دیــد شـبی
این چه سری است به یک ماه دو یلدا داری؟
تۆ لات وایه ئه‌م شێعره کێ وتبێتی؟
هه‌ر وا که له شێعره‌که‌وه دیاره، ده‌ستکردی یه‌کێکه که جگه له هه‌ستی ناسک و ته‌بعی به‌رزی ئه‌ده‌بی، شاره‌زاییه‌کی زۆر چاکی له وشه‌ی فارسی و ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکی ئیسلامی و به‌لاغه دا بوه.
ئێسته ڕه‌نگه بیرت بچێت به لای زۆرێک له‌و که‌ڵه‌پیاوانی مه‌یدانی شێعری غه‌رامی فارسیه دا، به‌ڵام...
ئه‌م کۆمه‌ڵه به‌یته که ڕه‌نگه بتوانم بڵێم وێنه‌ی له شێعری فارسی دا که‌م بێت، هۆنراوه‌ی فارس زمان نیه، شێعری ڕۆڵه کوردێکه.
ئه‌و که‌سه‌ی که وا خۆی ده‌ڵێت ڕه‌نگی شادی له ژیان نه‌بینی و ده‌ڵێت:
خه‌میری خاکی من ئه‌ووه‌ڵ به بارانی فه‌ره‌ح نه‌کرا...جوانی و پیری و تفڵیم سه‌راسه‌ر جومله‌گی خه‌م بوو
وه هه‌روا که خۆی ده‌ڵێت، هه‌میشه "غه‌رقی به‌حری فیکر" بوو، کۆمه‌ڵێک هۆنراوه‌ی زۆر جوانی کوردی لێ به جێ ماوه که ناوه‌رۆکی غه‌رامی و سۆفیه‌تی و فه‌لسه‌فی و ته‌نانه‌ت مێژووییان هه‌یه وه له هه‌جویش دا ده‌ستێکی به‌رزی هه‌بوه، که خۆی ده‌ڵێت "ئاشپه‌زی هه‌جوم و هه‌رکه‌سم پێخۆش بێت وه‌ک کووله‌که ئه‌یجنم".
ئه‌م شاعیره که‌سێک نیه بێجگه له ڕۆڵه‌ی نه‌حه‌ساوه‌ی کورد و بنه‌ماڵه‌ی ساحێبقران، شاسواری شێعری غه‌رامی کوردی و فارسی مامۆساتا عه‌بدوڕه‌حمان به‌گی ساحێبقران ناسراو به "سالم".
من نازانم ئه‌م شێعریه بۆ کێ گوتوه:
قه‌بووڵ ناکه‌ی خه‌یاڵیشت له ناو دڵما موقیمی بێ .....نه‌وا په‌ژمورده بێ گوڵده‌سته‌یی حوسنت له مه‌جمه‌ر دا
به‌ڵام ئه‌زانم که ئێسته زمانی حاڵی "سالم" به‌رانبه‌ر به ئێمه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه وایه، که شێعره‌کانی وا بێ‌ناز که‌وتوون که خه‌یاڵی که‌سیان به لادا ناچێ که بیبه‌ن بۆ دڵی به کوڵی سالم.
سالم له ژیانی دا تووشی نه‌خۆشی و ده‌ربه‌ده‌ری زۆر بوو به‌ڵام له ساڵی 1866ی زایینی دا بۆ هه‌میشه ڕووی ئاسووده‌یی چاو پێکه‌وت و له باوه‌شی نه‌رم و بێده‌نگی گردی سه‌یوان دا سه‌ری ناوه.
چوومه پێشه‌وه سڵاوم دا خزمه‌تی و له ئه‌حواڵیم پرسی .
وتی:
به تیری میحنه‌ت و ده‌رد و جه‌فا، جه‌رگی مه‌لا له‌ت بوو............به‌ڵێ مه‌شهووری ئافاقه، مه‌لا نیوه‌ی مه‌لاله‌ت بوو
وتم:
مامۆستا ! هیچ له ده‌نگ و باسی خه‌ڵک و ئاووخاکه‌که‌ت ئه‌زانی، چی به سه‌ر هاتوه؟
وتی:
ئه‌ی خاکی وه‌ته‌ن! بۆچی نه‌ما حاڵه‌تی جاران؟............بۆ قه‌حتیه ڕه‌سم و ڕه‌وشی سوحبه‌تی جاران؟
بۆ بێ ئه‌ســه‌ره ڕه‌ونه‌قی بــازاڕی دیانه‌ت ...........بۆ حوسنی عه‌مه‌ل بۆچی نه‌ما یه‌ک له هه‌زاران؟
بۆ ده‌نگی نیه جه‌زبه‌یی سۆفی له سه‌حه‌ردا؟............یا شوکری غه‌نی، سه‌بری فه‌قیران و هه‌ژاران؟
کوا سۆزشی ده‌روێشی و ته‌هلیلی شه‌ووڕۆژ............کوا نه‌عره‌یی دێوانه وه‌کوو ڕه‌عدی به‌هاران؟
وتم:
مامۆستا ! ڕۆژگارێکی پیسه. برا ناگاته فریای برای خۆی!
وتی:
مه‌ڵێ "صافی" زه‌مان ئاخر بوو، که‌س ئیمدادی که‌س ناکا............عیلاجی ده‌ردی دڵ "ناری" له "تاهێر به‌گ" ته‌مه‌ننا که
وتم :
مامۆستا ! دوێنێ یه‌کێکم چاو پێکه‌وت زه‌می شیعره‌کانتی ئه‌کرد.
وتی: ئه‌شێ پێت گوتایه:
ئه‌تۆ زه‌مم ده‌که‌ی مه‌دحت ده‌که‌م من............جه‌زای قه‌ولی درۆ با هه‌ر درۆ بێ
وتم:
مامۆستا ! شێعره‌کانتم زۆر پێخۆشه و ئینجا وتم:
که هه‌ڵسا ناری سینه‌ی گه‌رمی "ناری"............غه‌زه‌ل سووتا، قه‌ناری دایه زاری
غه‌زه‌ل دێنێ به دڵ بـۆنی وه‌نـه‌وشه ............ وه‌نـه‌وشه مل که‌چه لای کاری "ناری"
مامۆستا که بینی شێعره‌کانی ئه‌وه‌نده به‌نرخن که یه‌کێ وه‌کوو منی هێناوه‌ته زوان، هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و به فارسی هاته زوان
وتی:
از جنابت که به یک دسـته ی گـل یـاد شـدم............بسـته ی دام جـفا بـودم و آزاد شـدم
"با"یش افزود مرا بهجت و "نون"ش نزهت.........فا‌ش گویم که به "فا"یش به فرح شاد شدم
"شین" شیرین که چو بنمود شدم حیرانش............غایت عشوه ی او دیدم و فرهاد شدم
ب+ن+ف+ش= بنفشه

